سەبارەت بە ڕێككەوتنی ئەتۆمیی نێوان وڵاتانی پێنج كۆ یەك و كۆماری ئیسلامیی ئێران كە ڕۆژی سێشەممە 14ـی 7ـی 2015 لە شاری ڤییەننا ڕاگەیێندرا، سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستانی عێراق هیوادارە كە ڕێككەوتنی ئەتۆمیی نێوان كۆماری ئیسلامیی ئێران و وڵاتانی پێنج كۆ یەك ببێتە مایەی سەقامگیری و بووژانەوە لە ناوچەكە و نەهێشتنی بارگرژی و خزمەتی پاراستنی ئاشتی و ئاساییشی جیهانی بكات.
د. ئومێد سەباح
گوتەبێژی فەرمیی سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان
15ـی 7ـی 2015
لە دوا هەوڵی گرووپە تیرۆریستییەكاندا كە دەستیان بەسەر شاری موسڵدا گرتووە، بەشێوەیەكی دوور لە دابونەریتی پێكەوەژیان و بنەما و یاساكانی مافی مرۆڤ و ئایین، هەڕەشەی دەركردن و كوشتنیان لە خوشك و برایانی مەسیحی كردووە و ناچاریان كردوون ماڵ و شوێنەكانیان بەجێ بێڵن و بەرەو كوردستان بەڕێ بكەون.
ئێمە لە سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان ئەم كارە تیرۆریستییە نامرۆڤانەیە بەتوندی ئیدانە دەكەین و هاوسۆزی و هاوخەمیی خۆیشمان بۆ ئەو خوشك و برایانە دەردەبڕین و، ئامادەیی هەرێمی كوردستان بۆ پێشوازی و یارمەتیدان و پاراستنیان رادەگەیەنین.
داوا لە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتیش دەكەین هەرچی زووترە هاوكاریی پێشكەش بەحكوومەتی هەرێمی كوردستان بكەن تا بەشێوەیەكی بەپەلە و شایستە بتوانین هاوكاریی لێقەوماوان بكەین و لە خەم و ئازارەكانیان كەم بكەینەوە.
د. ئومێد سەباح
گوتەبێژی فەرمیی سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان
19/7/2014